فڕۆکەی سیخوڕیی تورک بە ئاسمانى زینی وەرتێ دا دەسوڕێتەوە

جموجوڵەکان لە ناوچەى زینێ وەرتێ بەردەوامن و فڕۆکە سیخوڕییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەستیان بە سوڕانەوە بەسەر ئاسمانى زینی وەرتێ دا کردووەتەوە. هاوکات دەستکراوە بە گواستنەوە پێداویستی زیاتر و هێزی زیاتر بۆ زینی وەرتێ.


فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆەوە دەستیان بە سوڕانەوە بەسەر ئاسمانى زینی وەرتێ دا کردووەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ چەو و لم و چیمەنتۆ براوە بۆ ئەو هێزە هاوبەشە، کە لە زینی وەرتێ جێگیرکراون و بە نیازن شوێنێ کۆنکرێتى دروست بکەن.

هەر دوێنێ هێزێکى تری زێرەڤانی لە دامێنی چیای کارۆخ بە دیوی زینی وەرتێ دا جێگیرکراون و ئەو  هێزە خێمەى شینیان لێداوە.

لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا لیوای ٧ی چۆمان، کە لیوای هاوبەشە، بەڵام هەموویان پێشمەرگەى پارتی دیموکراتیى کوردستان (پەدەکە)ن، بە ٢٠ کەرەڤانە و ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێلەوە چوونەتە ناوچەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، خەڵکی ناوچەکە کەسانێکى بێگانە و نامۆیان لەو ناوچە هەستیارەدا بینیوە، کە ئامێری سیخوڕی و چادێرییان پێبووە و بە زمانى تورکی قسەیان کردووە، کە ئەگەری زۆرە سەر بە دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) بن.

لەو کاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزێکى بردووەتە ناوچەى زینی وەرتێ ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەو هێزە لە رای گشتیی کوردستانیاندا دروستبووە و دوابەدواى جێگیربوونی ئەو هێزەش، فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بنکەى گەریلاکانى پەکەکەیان بۆردومانکرد و ٣ گەریلا شەهید بوون.

سەرباری هەموو هەوڵ و ناڕەزایەتییەکان تاوەکو ئێستا ئەو هێزە نەکشاوەتەوە.

ژ.ت